دیزاین و پەرەپێدان لە لایان بەشارەت خدر میناغا

مێژووی عەشیرەتی میراودەلی (Mirawdaly)

پەڕەی سەرەکی مێژووی میراودەلی: مێژوو، ناسنامە، نەسەب و ڕەچەڵەکی عەشیرەتی میراودەلی بەپێی ڕیزبەندیی کات و تەنها لەسەر بنەمای سەرچاوەی پشتڕاستکراو.

عەشیرەتی میراودەلی یەکێکە لە عەشیرەتە کوردییەکانی ناوچەکانی پشدەر و دەورووبەری. مێژووی ئەم عەشیرەتە پەیوەندییەکی مێژوویی بە ناوچەکانی باشووری کوردستان و هەروەها بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە. بۆ تێگەیشتن لەم مێژووە، سەرچاوەکانی نەسەب، شوێنی نیشتەجێبوون، دابەشبوونی تایفەکان و ڕووداوە مێژووییەکانی ناوچەکە پێکەوە دەخوێنرێنەوە.



بنەچە و ڕەچەڵەکی میراودەلی

دەربارەی بنەچە و ڕەچەڵەکی عەشیرەتی میراودەلی، چەند بیروڕایەکی جیاواز هەیە، لە سەرچاوەکاندا بە شێوەی جیاجیا باسی ڕەچەڵەکی عەشیرەتەکە کراوە، لەگەڵ ئەمانەشدا، چەند بیروڕایەکی کۆک هەن، بە شێوەیەک لە نیوەی یەکەمی سەدەی حەڤدەوە، زۆر بەڕوونی بنەچە و تۆرەمەی عەشیرەتەکە، کە چۆن لەسەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕبۆتەوە دیارە، بەڵام لەپێش ئەو سەردەمە، واتا: بەر لەو ماوەیە، هەندێک ئاڵۆزی و تێکەڵی دەربارەی ڕەچەڵەکی عەشیرەتی میراودەلی هەیە، ئەمەش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە سەری هەڵداوە.

بێ گومان دەتوانین بەدوو شێوە باسی ئەو تێکەڵییە بکەین، لە لایەک لە سەردەمی کۆندا سەرکردە و فەرمانڕەواکانى عەشیرەتەکە ئەوەندە گرنگیان بە سەرەتاى بنەچە و ڕەچەڵەکی عەشیرەتەکە نەداوە، نەهاتون بە شێوەیەک لە شێوەکان تۆرەمە و ڕەچەڵەکی خۆیان بنووسنەوە و تۆماری بکەن، پشتاوپشت و وەچە بە وەچە یەک لەدوای یەک بیپارێزن، لەلایەکی دیکەوە ناوچە و شوێنی جوگرافی عەشیرەتەکە هەمیشە مەیدانی ململا‌نێ و جەنگ بووە، دوور نییە لە سەردەمی خۆیدا سەرەتا‌کانی دەركەوتنی مێژوویی بنەچە و ڕەچەڵەکی عەشیرەتەکە نووسرابێتەوە، لەکاتی جەنگ و بەرەنگاربوونەوەکانی میراودەلییەکان دووچاری سووتان و لەنێوچوون بووبێت، بەدەر لەوانەش، لە سەردەمی پێشوودا ئەوەندە گرنگی بە تۆمارکردن و نووسینەوەی مێژوویی ڕەگ و ڕەچەڵەک و چۆنیەتی دەركەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی نەدراوە، بەڵکو زیاتر پشت بە گێڕانەوەی پێشتاوپشت بەستووە، ئەمەش تەمومژ و لێڵی خستۆتەسەر سەرەتاکانی ڕەچەڵەکی عەشیرەتەکەو تاڕادەیەک بۆتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و تێکەڵی بنەچە و ڕەچەڵەکی عەشیرەتی میراودەلی.

لەهەمان کاتدا ناکرێ ئاماژە بۆ ئەوە نەکەین کە کۆمەڵێک سەرچاوەی جۆراوجۆر، بەڕوونی و تەواوەتی باسی سەردەتاکان و ڕەوتی دەركەوتن و گەشەکردنی عەشیرەتەکەیان کردووە، تەنانەت شەجەرەی (تۆڕەمە)ی عەشیرەتی میراودەلییان لە سەردەمانێکی کۆنەوە دروست کردووە، دەریان خستووە ڕەگ و ڕیشەڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە سەر کام بنەماڵە و بنەچە، بەڵام لەهەمان کاتدا تێبینی دەکرێت، نووسەر و مێژوونووس و یاداشتنووسەکان (کورد ـ بیانی) بە شێوەیەک بنەچە و ڕەچەڵەکی عەشیرەتەکەیان نووسیوەتەوە، کە تارادەیەک هەندێک بیرورا لە هەندێکی دیکە جیاوازن، ئەم دیاردەیە دەربارەی زۆربەی عەشیرەتەکانی دیکەش ڕاستە، لەهەمان کاتدا تێبینی دەکرێ، دەربارەی بنەچە و ڕەچەڵەکی عەشیرەتی میراودەلی، کە سەرەتاى دەركەوتن و قۆناغەکانی گەشەکردنی عەشیرەتەکەیان بەجوانی و ڕوونی شی کردووەتەوە، چەندان بیروڕای هاوشێوە و لێکچوو هەن.

دیارە دوای خستنەڕووی زۆربەی ئەو سەرچاوانەی لە سەر بنەچە و تۆڕەمەی عەشیرەتەکەیان نووسیوە، دەتوانین بگەینە جۆرێک لە دڵنیایی و دورکەوتنەوە لەگومان، هەروەها بەشی زۆری ئەو ئاڵۆزی و تێکەڵییە یەکلا بکرێتەوە، چونکە مەسەلەی بنەچەی عەشیرەتەکە لە زۆربەی سەرچاوەکاندا، بۆتە جێگەئ قسەوباس، تەنانەت چەندان (گەریدە و ڕۆژهەڵات ناس و حاکمی سیاسی و نووسەری خۆماڵی و بیانی) بە شێوەیەک لە شێوەکان لەسەر سەردەمی میراودەلی قسەیان کردووە، بۆیە کاتێک هەموو بیروڕاکان دەربارەی دەرکەوتنی عەشیرەتی میراودەلی دەخرێنە ڕوو ئینجا لێکدانەوە و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنیان دەربارە دەکرێت، دەگەینە جۆرە قەناعەتێکی یەکلاکەرەوە دەربارەی بنەچە و ڕەچەڵەکی عەشیرەتی میراودەلی.

شوێن و مەڵبەندی عەشیرەتی میراودولی
لە باشووری کوردستان، خۆرهەڵاتی کوردستان (عێراو،ئێران)

شوێنی جوگرافی و مەڵبەندی نیشتەجێبوونی میراودەلییەکان، بەسەر هەردوو بەشی (باشووری کوردستان) و (خۆرهەڵاتی کوردستان) دابەش بووە، واتا جوگرافیای ئیداری میراودەلییان دەکەوێتە هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران، تەنانەت هەندێک لە نووسەران دەڵێن میراودەلی لە تورکیاش هەن.

دیارە مەبەستی ئێمە لەو دەستنیشانکردنە، دابەشبوونی ئیداری خاک و نیشتەجێبوونە، کە میراودەلییەکان تێیدا خاونی زەوی و زاران، لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کۆمەڵێک مێژوونووس و جوگرافیناس و نووسەر، بە شێوەی جیاجیا جوگرافیای عەشیرەتەکەیان دیاری کردووە، زۆربەشیان بە شێوەی کورت و ناتەواو باسیان کردووە، بۆ نموونە شاکر فەتاح لە یادداشتەکانی نووسیویەتی: خاکی پشدەر لە پەردی (تەیەت) بەولاوە بەگشتی زەویی ئاغایانی میراودەلییە. لێرەدا نووسەر بە تەنها ئاماژەی بۆ بەشێکی جوگرافیای میراودەلییەکان کردووە، یاخود لە هەندێک سەرچاوەدا بە شێوەیەکی گشتی باسی جوگرافیای عەشیرەتەکە کراوە، هەروەکو مەیجەر سۆن دەڵێت: عەشیرەتی پشدەر لە چیاکانی سەرووی شارى سەردەشت دان، بە ڕەگەز دەڵێن موکرین، بۆ دەشتەکانی مەرگە و ئاوی بانە دادەبەزن، لە خۆڕێکخستن و دەسەڵاتدا توند و ناودارن، هەروەها دووریی وڵاتەکەیان، لە هەموو سزایەک لەلایەن دراوسێ بەهێزەکانیانەوە، ئازادی کردوون و پاراستونی، سنووری جوگرافی عەشیرەتەکە، تاڕادەیەک سەخت و شاخاوییە، لە سەردەمی کۆندا لەکاتی مەترسی و هێرشەکان، بەرەو بەرزایی شاخەکان هەڵکشان.

دەتوانین بڵێین، هیچ کام لەوانە بە شێوەیەکی وردو گشتگر جوگرافیای نیشتەجێبوونی عەشیرەتی میراودەلییان دابەشی سەر یەکە ئیدارییەکانی وەکو (پارێزگا، قەزا، ناحیە، گوند، مووچە*) نەکردووە، ئەوەی لەبارەی دیاریکردنی جوگرافیای عەشیرەتەکە ئەنجام درابێت، تەنها دیاریکردنی سنووری جوگرافی عەشیرەتەکەیە، کە دەکەوێتە (باشووری کوردستان) کوردستانی عێراق، تەنها لە هەندێک سەرچاوەدا ئاماژە بۆ قەزاو ناحیەکان کراوە، هەر وەکو شاکر خصباک ئاماژەی بۆ کردووە دەڵێ: پێکهاتەی دانیشتووانی ناحیەی قەڵادزە عەشیرەتی (پشدەر- میراودەلی) و چەندان خەڵکی دیکەی جۆراوجۆر دەگرێتەوە، دانیشتووانی ناحیەی مەرگەش لە عەشیرەتی پشدەری- میراودەلی و شیلانە و چەند عەشیرەتێکی دیکە پێک دێن، هەروەها دانیشتووانی ناحیەی ماوەت عەشیرەتەکانی پشدەر و کۆمەڵێکی دیکە دەگرێتەوە.لە کاتێکدا ئاشکرایە عەشیرەتی میراودەلی بەسەر هەردوو بەشی (باشوور، خورهەڵات)ی کوردستاندا دابەش بوون، ئەم دابەشکردنەش، دەستکردە و بۆکۆتایی بیستەکانی سەدەی بیست دەگەڕێتەوە.

لە ڕاستیدا عەشیرەتی میراودەلی، لەبانی پشدەر، لای ڕاستی زێی گچکە، لە دەربەندەوە تا قەڵادزێ، چیای باژار، دەڤەری ماوەت، شینکایەتی، بەری چۆمی ماوەت جێگیرن، عەشیرەتەکە بەسەر زیاتر لە (١٥٠) گوند دا لە ناوچەی سلێمانی، هەولێر، چوارتا، قەڵادزێ دابەش بووە، تەنانەت قەزاو ناحیەکانی (ماوەت، مەرگە، قەڵادزێ، شارباژێر) یان بە هەموو دێهاتەکانەوە لەبەردەستدایە، ئەم سێ ناحیەو پشدەر سونی مەزهەبن. بەو پێیە بێت دەتوانین بڵێین زۆربەی عەشیرەتی میراودەلی لە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن، پێویستە بگوترێت، لە بەشێک لەو دێیانەی ئاماژەیان بۆ کراوە، مەرج نییە تەواوی زەوی و زاری دێ کە هی میراودەلیان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەندان عەشیرەت و خەڵکی دیکە لەباب و باپیرانەوە وەکو ئەوان خاوەنی زەوی کشتوکاڵین، پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین دێی وەها هەیە، ئێستا بە هۆی ئەو کێشە و ململا‌نێیەی لە کۆندا هەبوون، لەلایەن میراودەلییەکانەوە چۆڵ کراوە لە دوورەوە سوودی لێ وەردەگرن، یاخود بە تەواوی پشتگوێ خراوە، بەڵام لە نێوەڕۆکدا خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی دەزانن.

بە شێوە گشتییەکەی، دابەشبوونی جوگرافی عەشیرەتەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە، لە ناوچەو گوندەکانی (ماوەت، شارباژێر، مەرگە، پشدەر، سەردەشت، هەڵەبجە) نیشتەجێن، تەنانەت بەشێکیان لەکۆنەوە کەوتوونەتە سنووری گەرمیان و هەولێر. ئێمەش لێرەدا دەمانەوێت، دابەشبوونی جۆگرافیای عەشیرەتەکە بەگوێرەی (پارێزگا، قەزا، ناحیە، گوند) پۆلێن بکەین، پاشان سنووری جوگرافی عەشیرەتەکە بەسەر تیرەو تایفەکاندا ورد بکەینەوە. بێگومان ئەمەش پێویستی بە ڕوونکردنەوەو شیکردنەوەی زیاتر هەیە، هەروەکو لە پێشتر ئاماژەی بۆ کراوە، تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لەسەر سنووری جۆگرافیای عەشیرەتەکە نەکراوە، بەڵکو ئەوەی باسیان کردووە، زیاتر بە خەمڵاندن و نزیکەیی بووە، بۆیە دیاریکردنی تەواوی سنوورەکە بە وردی، بە مەبەستی گەیشتن بە دەرئەنجامی راست و دروست دەربارەی جوگرافیای عەشیرەتی میراودەلی، شتێکی گرنگ و پێویستە.

لە سەردەمدا بەهۆی پەلوپۆ هاویشتن و گەشەکردنیان، تاکەکانی عەشیرەتەکە بە هەردوو پارچەی کوردستان و زۆر وڵاتی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە، بۆیە ئەو جوگرافیایەی باسی دەکەین، زیاتر مەبەستمان ئەو شوێنانەیە کە میراودەلییەکان لە سەردەمی کۆن و تازەدا، تێیدا خاوەن زەوی و زار و نیشتەجێن.

هەندێک لە کوێستانەکانی عەشیرەتی میراودەلی
لە نێوان هەردوو سنووری عێراق-ئێران

لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، چەندان ناوچەی کوێستان هەن، بۆ نموونە: (نیشکە، کەپران، قەڵیێدە، بەردەپان، بەردەسیپان، باژار، قوونئەسپ)، ئەمانە زیاتر لە وەرزی بەهار و هاوین و پایزدا، لەلایەن زۆربەی تیرە و تایفەکانی عەشیرەتی میراودەلی، بە مەبەستی ژیانی کۆچەری و بەخێوکردنی مەڕوماڵات و گەشتیاری، سوودیان لێ وەردەگیراوە، تەنانەت چەند جارێک کێشە و شەڕ لەنێوان عەشیرەتی میراودەلی و دەسەڵاتدارانی ئێران، لەسەر کوێستان و ناوچەو گوندەکانی عەشیرەتی میراودەلی لە سنووری ئێران ڕووی داوە.

پشدەرییەکان عادەتیان بوو هەموو ساڵێ بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیان، لە قەڵادزێوە دەهاتنە کوێستانەکانی ناوچەی سەردەشت، لە دەیەی (١٩٢٠) پشدەرییەکان بە تەواوی لە بێنەوبەردەدا بوون لە سەردەمی لاوازی دەوڵەتی قاجاریدا مافی موڵکایەتی ژمارەیەک گوندی دەوروپشتی سەردەشتیش هەبوو، لە ڕاستیدا میراودەلییەکان چەندان دێ و لەوەڕگاو زەوی و زاری ناوچەکانی ئێرانیان کڕیوە، ماوەیەکی زۆر لەگەڵ حکومەت لە بێنەوبەردەدا بوون.

دیارە دامەزراندنی دەوڵەتی مەركەزی لە ئێران و تورکیا و عێراق، بوو بەهۆی دابەشکردنی خاکی تیرە کوردەکانی (جەلالی، مەنگور، جاف، پشدەر-میراودەلی) و ئی دیکە، بەم جۆرە زۆر جار لێکدابڕان دەبووە کۆسپ و هەندێک عێلی ناچاری ژیانی نیشتەجێبوون دەکرد، ڕەزاخان لەمەودوا بوو بە شاو بێبەزەییانە بەرامبەر ژیانی کۆچەری دەجەنگا، ئەوە خێڵەکانی ناچاری ژیانی نیشتەجێکردن کرد، لەهەمبەر عەشیرەتی میراودەلی، حکومەتی ئەو کاتەی ئێران نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، تا بۆ دوا جار بەڕێککەوتن و ئاشتی، بەشێک لە میراودەلییەکان، لە ژمارەیەک دێی خورهەڵاتی کوردستانی نیشتەجێبوون و بەشێکی دیکەیان نیشتەجێ بوونیان لە باشووری کوردستان هەڵبژاردوو بەیەکجاری گەڕانەوە.



سەرچاوەکان

١. کوردیپێدیا — بابەتی «عەشیرەتی میراودەلی». ئەم تۆمارە ئاماژە بەم سەرچاوانە دەکات: — ئیبراهیم ئیبراهیم، «چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی میراودەل پشدەر». — مۆفەق میراودەلی، «عەشیرەتی میراودەلی». ٢. کوردیپێدیا — ژیاننامەی مۆفەق میراودەلی، کە کتێبەکەی تۆمار کردووە: «Mirawdali Tribe, History»، چاپی یەکەم، ٢٠١١، ٢١٣ لاپەڕە.

بەشە پەیوەندیدارەکانی ئەرشیف