کەسایەتییەکانی عەشیرەتی میراودەلی
ئەگەر بە چاوێکی وردەوە سەیری مێژووی عەشیرەتی میراودەلی بکەین، دەبینین لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا ژمارەیەک کەسایەتیی دیار و کاریگەر لە ناو ئەم عەشیرەتەدا هەبوون، کە بەهۆی ڕۆڵ و کاریگەریی خۆیان لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە، ناویان لە مێژووی ناوچەکەدا بەجێماوە. ئەم کەسایەتییانە تەنها سەرکردەی عەشیرەت نەبوون، بەڵکو لە زۆرێک لە ڕووداوە گرنگەکانی ناوچەکەدا ڕۆڵیان هەبووە و لە پەیوەندییە نێوان عەشیرەت و دەسەڵاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیشدا کاریگەرییان دیار بووە.
بە پێی ئەو زانیاری و یادەوەرییەی کە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکاندا هاتووە، هەندێک لە کەسایەتییەکانی میراودەلی بوونەتە نیشانەی ناسنامە و مێژووی ئەم عەشیرەتە. هەر یەکێکیان بە شێوەیەکی جیاواز لە پاراستنی ناوچە، بەڕێوەبردنی کاروباری عەشیرەت، چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا بەشدار بوون.
بۆیە باسکردنی کەسایەتییە دیارەکانی عەشیرەتی میراودەلی پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و پشتبەستن بە بەڵگە و سەرچاوە مێژووییەکان هەیە، چونکە هەر کەسایەتییەک بەشێک لە مێژووی ئەم عەشیرەتە پێکدەهێنێت. لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بە پشتبەستن بە زانیارییە بەردەستەکان، ناسنامە و ژیانی ئەو کەسانە بخەینەڕوو کە لە مێژووی میراودەلیدا ناویان بە شێوەیەکی دیار ماوەتەوە.
کەسایەتییە تۆمارکراوەکان
کورتەی مێژوویی
فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە، یەکێکە لە کەسایەتییەکانی ناوچەی پشدەر، سەرەڕای ئەوانەی ئەمڕۆ بە بنەماڵەی بابان ناسراون، زۆر بنەماڵە و عەشیرەت و تیرەی ناوداری خانەدانی کوردستان، بە پشتبەستن بە هەندێک لە سەرچاوە و سەربوردەکان، ڕەچەڵەکیان بۆ بنەماڵەی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە دەگەڕێتەوە، یان لەگەڵ بنەماڵەی فەقێ ئەحمەد لە یەک بنەماڵەن.
لە لای مێژوونووسان و ڕۆژهەڵاتناسان، ئەوە ساغ بووەتەوە کە بنەماڵەی میرانى موکری و فەیزوڵڵابەگییەکانی سەقز، لەگەڵ بابانەکانی پشدەر و مەرگە و سلێمانی و شارەزوور، لە یەک بنەماڵەن. (١)
ئەوەی هەڵەی باوە، بە تەنیا پێمان وایە، گوایە ئەوەی لەگەڵ بابانەکان بچنەوە سەر یەک دەبێ، هەموو پێکەوە بچنەوە سەر فەقێ احمدی دارەشمانە. شەرەفخانی بەدلیسی زۆر پێش فەقێ ئەحمەد، لە سەردەمی بنەماڵەکانی یەکەمەوە دەڵێ: (دەگێڕنەوە کە هەردوو عەشیرەتی ڕۆژەکی و هەکاریش لە عەشیرەتەکانی بابانن)،دەگەیەنێت، مەسەلەی بنەماڵەی بابان لە فەقێ ئەحمەد و نەوەکانیدا کورت هەڵنایێ،بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها قسە لەسەر فەقێ ئەحمەد دەکەین.
فەقێ ئەحمەد کوڕی بابەشێخی کوڕی بوداغ بەگی کوڕی میرەبەگی کوڕی شێخ حەیدەری موکریە،بنەماڵەی فەقێ ئەحمەد، لەو بنەماڵەی میرانی بابان، کە لەپێش فەقێ ئەحمەد میرانی بابانیان لە مەرگە کردووە جیاوازن.
هیچ ئاماژەیەکمان بەدەست نەکەوتووە کە فەقێ ئەحمەد جگە لە (کەیغان) خێزانی دیکەی هەبوو بێت، لەگەڵ ئەوەدا بۆچوونی جیاواز لەسەر ڕەچەڵەکی (کەیغان) کە ڕووس یا فەڕەنگ یا ئینگلیز بووە هەیە، زانیاری یەکلاکەرەوەمان لەسەر کوڕەکانی فەقێ ئەحمەد نییە، هەتا هەندێک گوومانی ئەوەمان لا دروست دەکەن کە سلێمان بەبە کوڕی فەقێ ئەحمەد بووە، بەڵکوو بە کوڕەزای ناودەبەن. لۆنگریک پێیوایە (ماوەند) کوڕی فەقێ ئەحمەد و باوکی باوکی سلێمان بەبە بووە، (حوسێن نازم) پێی وایە دوای مردنی فەقێ ئەحمەد کوڕەکەی بە ناوی (خان بداغ)ەوە جێی گرتۆتەوە و ئەویش ماوەیەک فەرمانڕەوایەتیی کردووە، ئینجا (سلێمان بەبە) کوڕی خان بداغ هاتووە، بەڵام سەرچاوەکانی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە (سلێمان بەبە) ڕاستەوخۆی کوڕی فەقێ ئەحمەد بووە.
سەرچاوە
مۆفەق میراودەلی — پەرتوکی «عەشیرەتی میراودەلی».
وێنەی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە
ح
حەمەد ئاغای گەورە
١٧٩٠ – ١٨٥٠
پەیوەندی بە میراودەلی
حەمەد ئاغا کوڕی میراودەلە بە حەمەد ئاغای گەورە یان بە حەمەد ئاغای میراودەلی بەناوبانگە.
کورتەی مێژوویی
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە لەمەڕ مێژووی لەدایکبوون و ماوەی ژیانی حەمەد ئاغا، دوو بیروڕای جیاواز هەن، یەکەمیان بە گوێرەی کتێبەکەی ئەدمۆنز، حەمەد ئاغا لە نێوان ساڵانی (١٧٩٠-١٨٥٠)دا ژیاوە. دووەمیان بە گوێرەی ئەو نووسراوەی کە لەسەر کێلی گۆڕی حەمەدئاغا هەیە، لەنێوان ساڵانی(١٧٥٠-١٨١٠)ژیاوە، گومان لەوەدا نییە دووەمیان ڕاسترە.
حەمەد ئاغا لە دێی (دەشتێو) کە دێیەکی پشدەرە دانیشتووە، کە لە نزیک سنووری ئالان و قەڵادزێیە، بەپێی سەرچاوەکان، حەمەد ئاغا ژمارەیەکی زۆر ژنی هێناوە، سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ (٧) ژن دەکات،سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژە بۆ (٢٠-٢٥) ژن دەژات، بەڵام پێدەچێت ئەم ژمارەیە زێدەڕۆیی تێدا کرابێت، لەم ژنانەی حەمەد ئاغا ژمارەیەکی زۆر کوڕ و کوڕەزا و کچەزا کەوتۆتەوە.
لەبارەی کوڕ و کچەکانی حەمەد ئاغاوە چەندان بیروڕای جیاواز هەیە، بە گوتەی (کلمان) حەمەد ئاغا (٢٠) کچ لەگەڵ (١٩) کوڕی هەبووە، بەڵام سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژە بۆ (٢٤) کوڕ دەکات، هەرچی حوسێن حوزنییە، ئەویش نووسیویەتی حەمەد ئاغا (٢٤) کوڕی هەبووە، لە سەرچاوەیەکی دیکەدا دووبارە هەر ئاماژە بۆ (٢٤) کوڕ دەکرێت، بەپێی بیرەوەرییەکانی ئەحمەدی حەمەئاغای پشدەری، حەمەدئاغای گەورە (٢٢) کوڕی هەبووە، عبدالمجید فەهمیش دەڵێت حەمەد ئاغای گەورە سەرکردەیەکی مەزن و ناسراوی کوردستانە و (٢٢) کوڕی هەبووە، بە قسەی محموودی ئەحمەدی حەمەئاغای بێشیر کە ئەویش لە حاجی باپیر ئاغای باپیری بیستووە، ساڵی (١٩٦٤) بە قسەی حاجی باپیر ئاغا، حەمەد ئاغا (٢٢) کوڕی هەبووە، بەڵام چوار کوڕی بە گەنجی مردوون، دواتر چوار کوڕی دیکەی بە ناوی ئەو کوڕانە کراونتەوە، بۆ نموونە حسێ ئاغای تایفەی بەگزادە،بە ناوی حسێن ناوێکی دیکە کراوەتەوە، ئەو کاتەی حاجی باپیر ئاغا باسی ژمارەی کوڕانی حەمەد ئاغای کردووە، تەمەنی لە نێوان (٨٥-٩٠) ساڵدا بووە.
هەرچەندە جیاوازی لە نێوان ژمارەی ژوڕانی حەمەد ئاغادا هەیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەتەواوەتی دەربارەی کوڕانی حەمەد ئاغا زانرابێت، ئەوەیە حەمەد ئاغای گەورە، نۆزدە کوڕی تۆمار کراون و ناویان هەیە، ئەوانیش (بابکر ئاغا، محموود ئاغا، خدر ئاغا، احمد ئاغا، ابراهیم ئاغا، مستەفا ئاغا، حسێن ئاغا، حەسەن ئاغا، عەزیز ئاغا، ئاودەل ئاغا، حسێن ئاغا، علی ئاغا، حەسەن ئاغا، ڕەسووڵ ئاغا، مووسا ئاغا، قادر ئاغا، عباس ئاغا، وەتمان ئاغا، ئاورەحمان ئاغا) ئێستا ئەوانەی لە حەمەد ئاغا کەوتوونەتەوە، لەڕووی ژمارەوە زۆر گەشەیان کردووە، هەموویان وەچەیان هەیە و پەلوپۆیان هاویشتووە، تەنها سێ کوڕیان وەچەیان لێنەکەوتۆتەوە ئەوانیش بریتین لە (حسێن ئاغا، وەتمان ئاغا، ئاورەحمان ئاغا)، پێویستە بڵێن، حەمەد ئاغا دوو کوڕی ناویان (حسێن) و دوو کوڕی ناویان (حەسەن) بووە.
سەرچاوە
مۆفەق میراودەلی — پەرتوکی «عەشیرەتی میراودەلی».

بابەکری سەلیم ئاغای پشدەری
١٨٧٥–١٩٥٩
کورتەی مێژوویی
ناوی تەواوی، بابەکر ئاغای کوڕی سەلیم ئاغای کوڕی بابەکر ئاغای کوڕی حەمەدی ئاغا کوڕی میراودەلە، ڕەگ و ڕەچەڵەکی لە عەشیرەتی پشدەر-میراودەلی و لە تایەفی بابەکر ئاغایە، لای زۆربەی (گەڕیدە، ڕۆژهەڵاتناس، نووسەر، مێژوونووس، یاداشتنووسەکان) بە سەرۆکی عەشیرەتی پشدەر ناسراوە کەمتر پێی دەگوترێت بابەکەر ئاغای میراودەلی.
بابەکری سەلیم ئاغای پشدەری، یەکێکە لە سەرکردە مەزنەکانی عەشیرەتی پشدەر، لە گوندی (بادەلیان)ی قەزای پشدەر ساڵی (١٨٧٥) لەدایک بووە. شوێنی لەدایک بوونی بابەکر ئاغا، کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی قەڵادزێ لەسەر ڕێگای (قەڵادزێ-هێرۆ).
میر بەسری لە کتێبی (ناودارانی کورد)دا، لە بەشی بەڕێوەبەرایەتی و سیاسەتمەداراندا، باس لە بابەکر ئاغا دەکات و دەڵێ: «سەرەداری عەشیرەتەکانی پشدەرە لە پارێزگای سلێمانی، لەسەر دەستی زانایانی ناوچەکەی خوێندوویەتی، جگە لە زمانی کوردی و فارسی، زانیاری ئایینیش فێر دەبێت»، بە تایبەت لە بارەی جۆرەکانی زانستی شەرع و فیقهدا، لە سەردەمی پێشوودا، بۆ پێگەیاندنی تاکەکان، زۆر گرنگی بە زمانی فارسی و زانستی ئایینی دراوە.
بابەکرئاغای سەلیم ئاغای میراودەلی، یەکێکە لە کەسایەتییە ناودارەکان، کەسایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەهێزی هەبووە، خاوەنی توانای دەسەڵاتی زۆر بووە لە سنووری مەرگە و پشدەر سەردەشت، بە شێوەیەک بۆ (تورک ـ ڕووس ـ ئینگلیز) چێگای بایەخ و حساب بوکردن بووە.
لە چەندان سەردەمی جیاجیا، لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، باسی بابەکری سەلیم ئاغا کراوە، لە سەردەمی خۆیدا زۆر جێگەی گرنگی و بایەخ پێ دان بووە، بۆ نموونە دەبلیو ئاڕ های ، کە دوو ساڵ لە کوردستان بووە و کتێبێکی بەو ناوە هەیە، وەسفی دەرک و تێگەیشتن و وەفاداریی بابەکرئاغا دەکات و دەڵێ: ((بابەکر ئاغا لە یادەوەری مندا، وەک مەزنترین سەرکردەی کورد دەمێنێتەوە، لەو سەرۆکانەی بەڕێکەوت وایکرد بیانبینم، لەو دوو ساڵەی کە لە کوردستان بە سەرم بردن)).
نابڕاو لە چەند شوێنێکی دیکەی کتێبەکەیدا، زۆر بەوردی باس لە شێوەی جومجۆڵ و عەقڵەمەندیی بابەکرئاغا دەکات.
دکتۆر کەمال مەزهەر بەم شێوە باسی بابەکر ئاغا دەکات، بابەکرئاغای پشدەری، لە سمکۆ کەمتر ناسراوە، بەڵام ئەویش کەم نەبوو پیاوێکی زیرەک و زۆرزان، دانا و دوربین، بلیمەت و هۆشیار بوو هەروەها دەڵێ: ساڵی ١٩٣٥ بەڵگەنامەیەکی دیبلۆماسی ئینگلیزەکان، بەم جۆرە باسی پشدەری کردووە (پیاوێکی بە تواناست و بەڕێزە، هەرکەسێک لە نزیکەوە ناسیبێتی خۆشی ویستووە و ڕێزی لێناوە).
دکتۆر کەمال مەزهەر، گەلێک زانیاری گرنگ و بەبایەخی لەسەر کەسایەتیی بابەکر ئاغای پشدەری بڵاوکردووەتەوە، ئەویش لە ڕێگەی ساغکردنەوە و لێکدانەوە و وەرگێڕانی بەڵگەنامە مێژووییەکان، کە پەیوەندییان بە مێژووی کوردەوە هەیە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا چەند لاپەڕە و زانیاری دەربارەی مێژووی کوردستان بەگشتی و ناوچەی پشدەر بە تایبەتی دەخاتەڕوو.
بابەکر ئاغا لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکەدا، بە کەسێکی پەسەند لە عەقڵ و ژیر لە سیاسەتدا ناسراوە. کاتێک عوسمانییەکان دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرت، ئەویان بە جێنشینی پشدەر دانا. بابەکر ئاغای پشدەری، گەورەترین سەرکردەی بێوێنەیە لە کوردستان، هەندێ جار تا بڵێی کەسێکی دڵسۆزە. دوای ئەوەی سەلیم ئاغا باوکی لەلایەن عوسمانییەکانەوە بریندار دەکرێت، سەلیم ئاغا دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەی ئاڵان و دێی دوولکان و دواتر بەهۆی برینەکەوە کۆچی دوایی دەکات.ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێ، دانانی بابەکر ئاغا لەلایەن عوسمانییەکانەوە بە جێنشینی پشدەر، لە پاداشتی ئەوەدا بووە کە پشدەرییەکان یارمەتی دەوڵەتی عوسمانییان داوە دژی سوپای ڕووس لە کاتی هاتنیان بۆ عێراق، چونکە کە جەنگی مەزنی (١٩١٤) بەرپا دەبێ، پشدەرییەکان شانبەشانی سووپای تورک بۆ بەرهەڵستی سوپای ڕووسی لە دیوی سنووری ئێرانەوە ڕادەوستن. بەڵام دوورنییە ئەمە کرابێتە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بابەکر ئاغا مەسەلەی کوژرانی سەلیم ئاغای باوکی فەرامۆش بکات، بەڵام دواتر بۆ ماوەی (١٧) ساڵ تاوەکو ڕوخانی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە پلە و پایەدا مایەوە، لە دوای داگیرکردنی ناوچەکەش لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، بە حاکمی سیاسی پشدەر دانرا. هەروەها سەرچاوەی دیکەش ئەمە دوپات دەکاتەوە و دەڵێ: «قەڵادزێ و ناوچەکانی ناودەشت، ناراستەوخۆ لەلایەن بابەکری سەلیم ئاغای سەرۆکی عەشیرەتە مەزنەکەی پشدەرەوە، سەرپەرشتی دەکران، کە بە شێوەیەکی ڕەسمی قایمقامی قەڵادزێ بوو».ڤان برۆنەنسن دەڵێ: بە ڕەسمی پلەی قایمقامی قەڵادزێ دراببوویەوە و لە بواری عەشیرەتەکانی هەردوو دیوی سنووری نێوچەکەشدا بابەکر ئاغا لایەنگری ئینگلیز بووە، بیر و ڕای وابووە لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت مەسەلەی کورد چارەسەر بکرێت، لە هەمان کاتدا پەیوەندیشی لەگەڵ شێخ مەحمود دا هەبووە، بۆ نموونە، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی (وەجاخ، مەنگوڕ، مەندەمەرە) لە (٢٧ی شوباتی ١٩٢٥)دا سەری لە شێخ مەحمود داوە. بەڵام یەکێک بوو لەو کەسانەی پشتگیری لە سیاسەتی ئینگلیز دەکرد. دیارە ئەو کاتە پێگەی ئینگلیز لە کوردستان بەهێز بووە.
بابەکر ئاغا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئینگلیزدا هەبوو، تەنانەت لە سەردەمی ئێستادا لە چەندان کتێبی بیانیدا نامە و پەیوەندییەکانی بابەکر ئاغا باسیان لێوە دەکرێت. بەدەر لە ئینگلیز، پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردە کوردەکانی وەک (شێخ مەحمود، سمایل ئاغای سمکۆ، قازی محەمەد) بەهێز بوون، چەندین گەڕیدە و حاکمی سیاسی و کەسی بیانی باس لە کەسایەتی و سیاسەتمەداری و پەیوەندییەکانی بابەکر ئاغا دەکەن.
لۆنگریگیش گەلێک بە شان و باهۆی بابەکرئاغایدا هەڵداوە، هەڵسەنگاندنی ئەو پیاوەش بایەخی خۆی هەیە، چونکە کەم کەس بە ڕادەی ئەو شارەزای مێژووی نوێ و هاوچەرخی عێراق بووە، وێڕای ئەوەی لە نزیکەوە کوردیشی ناسیوە.
بابەکر ئاغا بە ڕاستی سەرۆکێکی گەورە بووە، ئایدیۆلۆژیای فکری زۆر باش بووە، ویستوویەتی لەگەڵ هاوپەیمانان، بە تایبەتی ئینگلیز، زۆر ڕێک بێت، تەنانەت پێیگووتراوە (کاپتن بابکر) لەگەڵ شێخ مەحمودا زۆر پێشنیازی باشی کردووە، ئەگەر بەگۆێرەی قسەی ئەو بوایە ڕەنگە چارەنووسی ئێمەی کورد لەبارێکی تر بوایە. بابەکر ئاغا لە (١٠ی) مارتی (١٩٥٩) کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گردەسپیان نێژراوە.
دەتوانین بڵێین، بابەکرئاغای پشدەری، سەرکردەیەکی دیار و بەرچاو ی ئەو کاتی گۆڕەپانی کوردستان بووە، وەک کەسێکی زیرەک و لێهاتوی کوردستان و ناوچەکە حیسابی بۆ کراوە، هەر بۆیە لە ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامە و دەستنووس و سەرچاوەی مێژووییدا باس لە ڕۆڵ و کەسایەتی بابەکر ئاغای پشدەری کراوە، کە باسکردن و لێکدانەوەی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زانستی تایبەت هەیە.
سەرچاوە
مۆفەق میراودەلی — پەرتوکی «عەشیرەتی میراودەلی».
وێنەی بابەکری سەلیم ئاغای پشدەری

عەباسی مەحموود ئاغای پشدەری
(١٨٩٣/١٨٧٥-١٩٤٥)
پەیوەندی بە میراودەلی
ناوی تەواوی، عەباس ئاغای کوڕی مەحموود ئاغای کوڕی حەمەد ئاغای کوڕی میراودەلە، لە تایفەی مەحموود ئاغا و لە عەشیرەتی ناوداری میراودەلییە، یەکێکە لە سەرۆک عەشیرەت و ناودارانی پشدەر بە عەباسی مەحموود ئاغای پشدەری ناسراوە\.
کورتەی مێژوویی
لە بارەی ساڵی لەدایکبوونی عەباس ئاغاوە، دوو بۆچوون هەن و یەکەمیان دەڵێ: عەباس ئاغا لە ساڵی (١٨٩٣) لە گوندی بێخری لەدایک بووە. دووەمیان بەگوێرەی ڕای مەمەنەدی حاجی ئاغای نەوەی، ساڵی (١٨٧٥) لەدایک بووە. گومان لەوەدا نییە دووەمیان ڕاستترە، چونکە بە گوێرەی ئەو وێنەیەی کە لە بیستەکانی سەدەی بیست گیراوە، عەباس ئاغا تەمەنی لە سەرووی شەست ساڵی دەردەکەویت.
عەباسی مەحموودئاغا لە سەردەمی لاویدا بەشێکی زانستە ئایینیەکانی وەرگرتووە، ڕۆشنبیرییەکی کۆمەڵایەتی گشتیی پێ بەخشیوە، کە بۆ سەرکردایەتی و گەورەیی عەباس ئاغا بۆتە دروشمی چاکسازی و چاکە. لە هەمان کاتدا وەکوو هەموو تاکەکانی عەشیرەتەکەی و ئاغاکانی میراودەلی، دەستی بە هەموو ئەو نەریتانەدا لە ڕووی دابوونەریتی عەشایەری و بەرگری و پاراستن و دڵسۆزی و نیشتمانپەروەرییەوە لە باب و پاپیرانییەوە بۆ ماوەتەوە گرتووە.
عەباس ئاغا لە ماوەی ژیانیدا چوار ژنی هێناوە، ژمارەیەکی زۆری کوڕ و کوڕەزای لێ وەپاش کەوتووە، بەجۆرێک کە (١١) کوڕ و (٦) کچی هەیە، ئەمەش ئێستا ژمارەیان زۆر زیادی کردووە، چەندان وەچەیان لێ کەوتووەتەوە.
عەباس ئاغا نموونەی سەرکردەیەکی چاک بوو لەو کەسانە بوو کە حەزی نەدەکرد پۆستەکەی جگە لە خزمەتی بەڕێوەبردنی گشتی، بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە بەکاربهێنێت، بە ئامانجی خزمەتی راست و دڵسۆزانە بۆ ڕزگارکردنی نیشتمان و گەلەکەی. عەباس ئاغا پیاوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی بووە، لە ڕووی هەڵسوکەوتەوە زۆر باس لە سادەیی و ساکاریی دەکرێت، تەنانەت چەندان گوتەو گێڕانەوە لەو بارەیەوە هەن، زۆر جار خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لە کاتی سەردان و دیدارەکانیان بۆ لای عەباس ئاغا، بە خاکییەت و بێ فیزی و کەسایەتیی سەرسام بوون. باشترین نموونەش قسەکانی عەلەئەدین سەجادین لە باری عەباس ئاغاوە، هەروەها زۆر بە تەنگ خەڵکی هەژار و لێقەوماوەوە بووە، لەکاتی نەبوونی و هەر مەترسییەک کە ڕووبەڕوویان بۆتەوە، دەستی یارمەتیی بۆ درێژ کردوون، بەدەر لەوەش یەکێک بووە لەوانەی داکۆکی لە ماف و سەلامەتیی جولەکەکانی ئەوکاتەی پشدەر کردووە، تەنانەت چەند جارێک خەڵکی ناوچەکەشی سزا داوە، کاتێک مافی جولەکەیەکیان پێشێل کردووە.
مامۆستا مەسعود محەمەد لەبارەی عەباسی مەحمود ئاغاوە دەڵێ: برا گچکەی حاجی ڕەسول ئاغا بووە، بەڵام سەرۆکایەتی تایەفی مەحمودئاغا بەو سپێردراوە یەکێکە لە دوو سەرۆکە هەرە بەرچاوەکەی پشدەر، کاروباری ئیداریی تایەفەکە و بەشداریکردنی لە هەڵسووراندنی چەرخ و بازاری تێکڕای عەشیرەتی میراودەلی و ناوچەی پشدەردا بە ئەستۆوە گرتبوو تا بڵێی بەرچاو و سەنگین و قسەخۆش و ڕووکراوە بوو.
لە باری هەلومەرجی سیاسیشەوە، عەباس ئاغا لە سەرەتایەکی زۆر زووەوە بەشداری کاری سیاسی و سەربازی کردووە، دەورێکی کاریگەری لە شکاندنی هێرشی داگیرکەری ڕووس هەبووە، لە بەرەی سەردەشت بۆ ماوەی سی ساڵ هاوشانی خزم و خەڵکی ناوچەی پشدەر بەرگریی لە ناوچەکەی کردووە.
عەباس ئاغا بە پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ زۆربەی سەرۆکی عەشیرەت و کەسایەتی و شۆڕشگێڕەکانی باشووری کوردستاندا هەبووە، بە تایبەتی لەگەڵ بنەماڵەی شێخان و عەشیرەتی مەنگور و وەجاخ و دزەیی و جافەکانی ناوچەی مەرگەدا، ئەمانە دەهاتنە لای و ئەویش دەچووە سەردانیان. بە ڕاستی زۆر دۆست و لایەنگری شێخ مەحمود بووە، پەیوەندیی دۆستایەتیشی لەگەڵ عەلی حەسەن ئاغای مەنگور و سەلیمی ئاغای بایزی هەبووە، دۆستایەتیی لەگەڵ عەشیرەتی ئاکۆ و بنەماڵەی کەسایەتیی حاجی مەلا خدری ئاکۆدا توندوتۆڵ بووە، عەلی مەحمودی کاکەخانی دزەیی، زۆر هاتووە لای عەباس ئاغا، تەنانەت کە قاچاغ بوو تاکو لەسەر داوای عەباس ئاغا لایەن ئەحمەدی حەمە ئاغاوە چارەسەری کێشەکەی بۆ دەکرێت، هاتۆتە پشدەرێ، لە دێی چۆمخڕکە میوانی عەباس ئاغا دەبێت، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر.
کاتی کۆنگرە گەورەکەی سلێمانی لە (١٩١٨/١١/١٧) دا، ڕۆژی دامەزراندنی یەکەم حکومەتی باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتی شیخ مەحمود، وەک یەکێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی پشدەر، بەشداری کردووە، عەباس ئاغا ساڵی (١٩١٩) بووەتە لایەنگری جوڵانەوەی شیخ مەحمود.
تەنانەت کاتی شەڕی دەربەندی بازیان، بە پێیەی لایەنگرێکی سەختی شیخ مەحمود بووە، پشدەرییەکان و عەباس ئاغا خۆ ئامادە دەکەن بچنە شەڕ بۆ یارمەتیی شیخ مەحمود، بەڵام فریا ناکەون، دواتر لە جوڵانەوەی ڕەواندزیشدا نەخش و دەوری بەرچاوی هەبوە و بەردەوام ئاگاداری وردی جوڵانەوەکە بووە و بەکردەوەش بەشداریی کردووە.
لە کاتی هاتنی تورکەکاندا بۆ کوردستان و ناوچەی پشدەر، عەباس ئاغا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە، تەنانەت بەر لە شەڕی دەربەند، ساڵحی ئەحمەد ئاغا و هەباس ئاغا، بۆ دارشتنی بەرنامەی چوونە سەر دەربەند، دەچنە گوندی پشتاشان و لەوێ ئوزدەمیر دەبینن، دواتر لە گوندی کەسەتانەی پشت قەڵادزێ، بڕیار دەدەن لە چوار قۆڵەوە بەسەر دەربەنددا بدەن.
عەباس ئاغا و غەفورخان و ژمارەیەک کەسایەتیی دیکەی پشدەر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، سەرکردایەتی شەڕی دەربەندی ڕەمکانیان (ڕانیە) کردووە، ڕۆژی (١٩٢٢/٨/٣١) بە هاوکاریی تورک، ئینگلیز لە ناوچەکە دەشکێت، ئەمە کاریگەری لەسەر هێنانەوەی شیخ مەحموود لە هیندستانەوە دەبێت، چونکە دوای ئەو شەڕە ئینگلیز سلێمانی چۆڵکردووە.
ئاشکرایە لە دەرئەنجامی ئەو شەڕە و لایەنگری شێخ، ئینگلیز چەند جارێک بە فڕۆکە بۆردومانی قەڵادزێ دەکات، بە تایبەتی دێیەکانی عەباس ئاغا، بەڵام عەباس ئاغا، بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری لایەنگری شێخ نابێت، کاتێک شێخ مەحمود لە هیندستان دەگەڕێتەوە، عەباس ئاغا زۆر خۆشحاڵ دەبێت، هەر بۆیە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئاغاکانی پشدەر سەردانی شێخ دەکات، گومان لەوە نییە کە عەباس ئاغا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ شێخ هەبووە و هەروەکوو لە هەولێستەکانیدا دیارە، یەکێک بووە لە دۆستە نزیکەکانی شێخ مەحمود لە ناوچەی پشدەرو مەرگە.
عەباس ئاغا لەگەڵ سەركردەو شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا، بە تایبەتی لەگەڵ سمایل ئاغای سمکۆدا، پەیوەندیی هەبووە، هەروەکوو دیارە کاتێک سمکۆ دێتە باشووری کوردستان، پاش ماوەیەک دێتە ناوچەی پشدەر و لەلایەن میراودەلیانەوە پێشوازی گەرمی لێ دەکرێت، لە دێی نۆردەین میوانی عەباس ئاغا دەبێت، ماوەیەک لە پشدەر لای میراودەلیان بە تایبەتی عەباس ئاغا و بابەکر ئاغا بەسەر دەبات. سمکۆی شکاک، ئەحمەد ئاغای برای و خزم و پیاوەکانی لەگەڵدا دەبن، دواتر بە یاوەریی هەباس ئاغا و بابەکر ئاغا و ژمارەیەک کەسایەتیی عەشیرەتی مەنگور و وەجاغ چونەتە سلێمانی بۆ لای شێخ مەحمود.
تەنانەت کاتی جوڵانەوەکەی ملا خەلیلی مەنگور، بەردەوام نامە گۆڕینەوە لەنێوان ملا خەلیل و عەباس ئاغادا هەبووە. هەر لەو سۆنگەیەوە، ئەحمەدی حەمەئاغای پشدەری بە پێشنیازی عەباس ئاغا و گەورە پیاوانی پشدەر، بە مەبەستی دەربڕینی هاوسۆزی و هاوکاری پشدەرییەکان بۆ جوڵانەوەکە، چۆتە لای مەلا خەلیل.
ساڵی (١٩٣٨) کاتێک تەشکیلات لە پشدەر دەکرێت، گرژیی لەنیوان حکومەتی ئەوکات و میراودەلییاندا دروست دەبێت. لەو کاتەدا عەباس ئاغا، وەکو یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی پشدەر، ڕۆڵی هەبوو و بەشداری ئەو ڕێککەوتنە بووە کە بە مەبەستی دامەزراندن و هاتنی دامەدەزگاکانی حکومەت لە ناوچەی پشدەر، لەنیوان حکومەتی ئەوکاتە و میراودەلییاندا کراوە.
ویستگەیەکی دیکەی عەباس ئاغا ئەوەیە، بەردەوام پەناگە و پشتوپەنای کەسانی قاچاغ و لێقەوماو بووە، هەرکات کوردێک لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان پەنای بۆ هێنابێت عەباس ئاغا پەنای داوە. بۆ نموونە: ناودارو سەرۆک عەشیرەتی کورد، کریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەند، دوای قاچاغ بوونی لە حکومەت، بەهۆی کوشتنی دوو کەسی ئینگلیزەوە، دێتە ناوچەی پشدەر و ماوەیەک لای عەباس ئاغا دەمێنێتەوە.
عەباسی مەحموود ئاغای پشدەری ڕۆژی (١٩٤٥/١١/٣١)، لە کاتی گەڕانەوەی لە ناوچەی بێتوێن و مەڕگە، بە نەخۆشییەکی کت و پڕ لە نزیک ناوچەی سەنگەسەر کۆچی دوایی دەکات، پاشان لە گۆڕستانی (کاشوونەی) گوندی (نووردەدین) بە خاک دەسپێردرێت.
وێنەی عەباسی مەحموود ئاغای پشدەری
چۆن زانیاریی کەسایەتییەکان زیاد دەکرێت؟
کەسایەتیی نوێ و زانیاریی زیاتر تەنها لە ڕێگەی دەستکاریی ئەرشیفەوە (Admin Mode) زیاد دەکرێت، ئەویش کاتێک زانیاریی مێژووییی متمانەپێکراو و سەرچاوەی ڕوون بەردەست بێت. هیچ ناو، بەروار یان ژیاننامەیەک بێ سەرچاوە تۆمار ناکرێت.
سەرچاوەکان
١. کوردیپێدیا — «عەشیرەتی میراودەلی».
٢. ئیبراهیم ئیبراهیم — «چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی میراودەل پشدەر».
٣. مۆفەق میراودەلی — «عەشیرەتی میراودەلی».
٤. مۆفەق میراودەلی — «Mirawdali Tribe, History»، ٢٠١١.
بەشە پەیوەندیدارەکانی ئەرشیف